بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەد حەمزەزادە و هێمن مێهراننیا دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد
چوارشەممە، ٢ی ۹ی ٢٠٢٦
بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەد حەمزەزادە و هێمن مێهراننیا، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد
دوای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی محەممەد حەمزەزادە و ١٨ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی هێمن مێهراننیا، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد، هیچ زانیارییەکی ورد و باوەڕپێکراو لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی تەندروستییان لەبەردەست نییە. بەردەوامبوونی ئەم ناڕوونییە سەبارەت بە چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی بنەماڵەکانیان.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی۸ی ٢٠٢٦، محەممەد حەمزەزادە، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
دوای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنەکەی، ئەم هاووڵاتییە هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە، ١٥ی ۸ی ٢٠٢٦، هێمن مێهراننیا، لاوێکی ٢٠ ساڵە و خەڵکی مەهاباد، لە شاری ئورمیە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەست نییە.
ناوەندە حکوومەتی و دادوەرییەکان تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، ناوی ناوەندی دەستبەسەرکەر و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان نەداوە.
← سەقز؛ دەستبەسەرکردنی ناهید کەسنەزانی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
بابەتی داهاتوودەستبەسەرکردنی محەممەد ئیبراهیمکیا و ئەرکان ئەحمەدی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ و مەریوان →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان