ئێران بە «تەنەی بەتاڵ» ئەمریکای لە گەرووی هورمز هەڵخەڵەتاند
Khandan Telegraph — زانیارییە بڵاوکراوەکان دەڵێن، لە ناو ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز، هێزەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی تاکتیکێکی سەرنجڕاکێشی ئێران بوونەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانە، ئێران لەگەڵ مینە ڕاستەقینەکاندا ژمارەیەکی زۆر تەنە و پارچە ئاسنی بەتاڵی بە شێوەی مین لە ناو ئاوەکاندا داناوە؛ بە جۆرێک کە لە کاتی پشکنین و دۆزینەوەدا جیاکردنەوەیان لە مینە ڕاستەقینەکان پێویستی بە وردبینی و ئۆپەراسیۆنی تایبەت هەبووە.
لە زانیارییە بڵاوکراوەکەدا باس لە نزیکەی ٢٠٠ ئامانجی گومانلێکراو دەکرێت و دەگوترێت ١٨٩ دانەیان تەنەی بەتاڵ و پارچە ئاسن بوون.
ئەم تاکتیکە وای کردووە هێزەکانی پاککردنەوەی مین کات و توانای زیاتر بۆ پشکنینی هەر ئامانجێک بەکاربهێنن؛ چونکە لە ژێر ئاو و لە کاتی ئۆپەراسیۆندا، هەر شتێکی گومانلێکراو دەبێت وەک هەڕەشەیەکی ئەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
گەرووی هورمز یەکێکە لە هەستیارترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان و لە ماوەی ملمـلانێی ئێران و ئەمریکادا بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ڕکابەریی سەربازی و ستراتیژی
گەرووی هورمز تەنها ناوچەیەکی ستراتیژی و سەربازی نییە؛ ڕێڕەوێکی گرنگی نێودەوڵەتییە کە کەشتییە بازرگانییەکان، نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە مەدەنییەکان بەردەوام بە ناویدا تێدەپەڕن.
بۆ کەشتیوانێکی مەدەنی کە ئەرکی تەنها گواستنەوەی کاڵا یان وزەیە، بوونی مین یان تەنانەت شتێکی گومانلێکراو لە دەریادا دەتوانێت گەشتێکی ئاسایی بگۆڕێت بۆ دۆخێکی پڕمەترسی.
هەزاران کەشتیوان و کارمەندی دەریایی هیچ بەشێک لە ملمـلانێ سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە نین، بەڵام دەرئەنجامی ئەو ملمـلانێیانە دەتوانێت ڕاستەوخۆ بگاتە ژیان و سەلامەتییان.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، پاراستنی ژیان و سەلامەتی کەشتیوانان و کارمەندانی مەدەنی دەبێت لە پێشەوەی هەر هەنگاوێکی سەربازی لە ڕێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکاندا بێت. کەشتیوانانی مەدەنی نابێت ببنە قوربانیی ملمـلانێی دەوڵەتان.
گەرووی هورمز لەگەڵ گرنگییە سیاسی و ئابوورییەکەیدا، شوێنی کاری ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤە. لە پشت هەر کەشتییەکەوە کە بە ناو ئەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت، کەشتیوان و کارمەند هەن کە مافیانە بە سەلامەتی کار بکەن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ خێزانەکانیان
← ئاودانان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردن و نادیاریی چارەنووسی ڕازییە هاشمی، پارێزەرێکی کورد
بابەتی داهاتووقوروە؛ سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر ۱۳ هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ۱۲ی ۲٠۲٥ →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان