پیرانشار؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردنی سۆران مەحموودی ، محەممەد دانشمایە و لوقمان سەیده لەلایەن هێزه حکومەتییەکانەوە بیکە ئینگلیزی
یەکشەممە ٢٣ی ۸ی ٢٠٢٦
پیرانشار؛ دەستبەسەرکردنی سۆران مەحموودی، محەممەد دانشمایە و لوقمان سەیدە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
دوو گەنجی کورد و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی پیرانشار، بە ناوەکانی سۆران مەحموودی و محەممەد دانشمایە (ناسرۆ بە محەممەد بێوەفا)، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی لوقمان سەیدە، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ۸ی ٢٠٢٦، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشاریان بە ناوەکانی سۆران مەحموودی و محەممەد دانشمایە دەستبەسەر کردووە.
لە هەمان کاتدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر گوندی پەسوێ و هاووڵاتییەکیان بە ناوی لوقمان سەیدە دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییەی لەلایەن سەرچاوەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ پیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری، ئەو سێ هاووڵاتییەیان لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر کردووە. هێزە حکوومەتییەکان تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی ئاراستەکراوەیان بڵاو نەکردووەتەوە.
هەر سێ هاووڵاتییەکە لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.
سۆران مەحموودی پێشتر لە مانگی ۱٠ی٢٠٢٣دا دەستبەسەر کرابوو و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواسترابووەوە. ناوبراو لە ١٣ی ۱۱ی ٢٠٢٣ بە دانانی بارمتەیەکی قورسی ٣ ملیار تەمەن بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
دواتر، لە مانگی٥ی ٢٠٢٤دا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد، بە سەرۆکایەتی قازی «دووستی»، بە تۆمەتی «ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران» بە سێ ساڵ بەندکردن سزا درابوو.
محەممەد دانشمایەش پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
← مەهاباد؛ دەستبەسەرکردنی بلۆگەر کورد «سیران عەرەبی» لەلایەن پۆلیسی فەتاوەوە
بابەتی داهاتوولە ماوەی یەک ساڵدا؛ نزیکەی ٧٧ هەزار کارمەند لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان