سنە؛ کوژرانی ئاتووسا جەعفەری لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە .
یەکشەممە، ٢٣ی ۸ی ٢٠٢٦
ژنێکی گەنج و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆستی سنە بە ناوی ئاتووسا جەعفەری، تەمەن ٢٧ ساڵ، لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بە چەقۆ کوژرا و دوای تاوانەکەش بکوژەکە لە شوێنەکە هەڵاتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی شەممە، ٢٢ی ۸ی٢٠٢٦، ئاتووسا جەعفەری، ژنێکی گەنجی خەڵکی سنە، لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلەکەی بەرەو شوێنی کارەکەی دەچوو، لەسەر شەقام لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە لە پشتەوە هێرشی کرایە سەر.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو بە چەندین جار لێدانی چەقۆ بریندار کراوە و چەقۆیەکیشی لە ناوچەی دڵی لێدراوە. بەهۆی قووڵی و سەختیی برینەکان و خوێنبەربوونی زۆر، ئاتووسا جەعفەری گیانی لەدەست داوە.
ئاتووسا جەعفەری چەند ساڵ پێش ئێستا بەهۆی ناکۆکییە بنەماڵەییەکانەوە لە هاوژینەکەی جیا ببووەوە و لەگەڵ دایکی دەژیا. بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، بەردەوام لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە، ئازاردان و توندوتیژی بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بکوژەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە لە شوێنەکە هەڵاتووە و تا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.
بەردەوامبوونی ژنکوژی لە کوردستان و ئێران، لەگەڵ کەموکوڕییە یاساییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەڕەشەی بەردەوام، نەبوونی پاراستنی یاسایی و دادوەریی پێویست بۆ قوربانیانی توندوتیژیی ناوخێزانی و هەروەها هەبوونی پێکهاتەی یاساییی دژ بە ژنان، هۆکارێکی گرنگن بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە.
← مەهاباد؛ دەستبەسەرکردنی شیرین مەسعوودی، چالاکی مەدەنیی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە
بابەتی داهاتووماکۆ؛ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەردەڵان سەبزی، بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ماکۆ →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان