بەندیخانەی ورمێ؛ بەندکراوی مەحکووم بە سزای لەسێدارەدان بەهۆی نەخۆشیی دڵ و گواستنەوەی درەنگ بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا
٨ی ۸ی ٢٠٢٦؛ لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، بەندکراوێکی کوردی خەڵکی ورمێ بە ناوی نوسرەت خالیدی، کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە «ماددەی هۆشبەر» لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەند کرابوو و بە سزای لەسێدارەدان مەحکووم کرابوو، بەهۆی نەخۆشیی دڵ و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، نوسرەت خالیدی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ تووشی ئازاری توندی دڵ بووە و سەرباری داواکارییە بەردەوامەکان بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، تا سێیەم ڕۆژ نەگوازراوەتەوە.
لە ٢٩ی۷ی ٢٠٢٦، دوای توندبوونەوەی ئازاری دڵی، ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی «سەیدوشوهەدا»ی ورمێ گوازراوەتەوە؛ ئەمەش دوای پاڕانەوە و داواکارییەکانی بنەماڵەکەی و هەروەها هەوڵ و ناوبژیوانیی کەسانێک لە سیستەمی بەندیخانە و بەندکراوانی تر ڕوویداوە. بەڵام ناوبراو تەنها ١٠ خولەک دوای گەیشتن بە نەخۆشخانە، لە کاتێکدا توانیبوو چەند وشەیەک لەگەڵ نزیکەکانی قسە بکات، گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئەم زانیارییە، نوسرەت خالیدی پێشتر هیچ نەخۆشییەکی دڵی نەبووە و تەنها بە نەخۆشیی گورچیلەوە دەژیاوە. بەڵام لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، دوای دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدانی، لەژێر فشار و ناڕەحەتیی دەروونیی بەردەوامدا بووە. ناوبراو هەروەها بە دامەزراندنی پارێزەر، ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە حوکمی لەسێدارەدانەکە دەربڕیبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیوایەکی ڕوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی، فشارە بەردەوامەکان بارودۆخی دەروونی و جەستەییی ئەوی خراپتر کردووە و لە کۆتاییدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە.
نوسرەت خالیدی، کوڕی حسێن، خەڵکی گوندی سنجی لە سەر بە پارێزگای ورمێ بووە. ئەو خێزاندار و باوکی پێنج کچ بووە؛ یەکێک لە کچەکانیشی خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە و بەهۆی کەمئەندامی و ئیفلیجییەوە توانای جووڵەی نییە.
← دەستبەسەرکردنی بەهمەن مودیرزادە، ئەندامی شۆرای شاری کۆتۆڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە
بابەتی داهاتووخۆپیشاندانێکی بەرفراوان لەبەردەم سەفارەتی ئێران لە لەندەن →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان