سنە؛ بانگکردنی لیلا پاشایی و باران ساعدی بۆ دادگای پێداچوونەوە بە تۆمەتێکی نوێ و دۆسیەسازیی ئیدارەی ئیتڵاعات
سنە؛ بانگکردنی لیلا پاشایی و باران ساعدی بۆ دادگای پێداچوونەوە بە تۆمەتی نوێ و دۆسیەسازیی ئیدارەی ئیتڵاعات
لیلا پاشایی و باران ساعدی، دوو چالاکی بواری مافەکانی ژنان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە شاری سنە، لە کاتێکدا دۆسیەی پێشوویان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و بە چارەنووسێکی نادیارەوە ماوەتەوە، بە تۆمەتێکی نوێ بۆ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بانگ کراون.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لیلا پاشایی و باران ساعدی، دوو چالاکی ناسراوی کوردی بواری مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە، ئاگادارکردنەوەیەکیان لە لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان وەرگرتووە و داوا کراوە لە سەرەتای مانگی ١١ی ٢٠٢٦دا لەو لقەی دادگاییە ئامادە بن.
بەپێی ناوەڕۆکی ئاگادارکردنەوەکە، هەر یەک لە لیلا پاشایی و باران ساعدی بە مەبەستی پێداچوونەوە بە تۆمەتی نوێی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» بانگ کراون.
ئەم دۆسیەسازییە نوێیە لە کاتێکدا دژی ئەم دوو چالاکە دەست پێ دەکرێت کە دۆسیەی پێشوویان، کە پەیوەندی بە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژنان لە ٨ی ٣ی ٢٠٢٥ هەبووە، هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە. لە ڕەوتی پێداچوونەوە بە دۆسیە پێشوویەکەدا، دادوەر بڕیاری بێتاوانیی لە یەکێک لە خاڵەکانی تۆمەتەکانیان دەرکردبوو، یەکێکی دیکەی ڕوون نەکردبووەوە و سەبارەت بە خاڵێکی تریش سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاندبوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستە، دوای ناردنی دۆسیەکە بۆ لقی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی حوکمەکە، ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە سەبارەت بەو بڕیارە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و بەو بانگەشەیەی کە «تاوانەکانی ئەم کەسانە قورستر بووە و شایستەی ئەم سزایەی کەمە نین»، داوای توندترکردنەوەی سزاکانی کردووە. لە ئێستادا، پێش یەکلاییبوونەوەی دۆسیە پێشوویەکە، پرۆسەیەکی نوێ بە تۆمەتێکی قورستر دژی ئەم دوو چالاکە دەستی پێ کردووە.
لیلا پاشایی، تەمەن ٤٦ ساڵ، خەڵکی سەقز و دانیشتووی سنە، و باران ساعدی، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، پێشتر لە ١٠ی ٣ی ٢٠٢٥ دەستبەسەر کرابوون. ئەوان دوای ١٦ ڕۆژ لە ڕاگرتن لە دەستبەسەرگە و لەژێر گوشاردا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەبەردەم کامێرا، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
ئەم دوو چالاکە هەروەها لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە شاری سنە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەتی و حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.
← سنە؛ پوریا سەعیدی لە دەستبەسەرکراوانی شەڕی ٤٠ ڕۆژە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
بابەتی داهاتووئیلام؛ نورەدین چەلەنگەر لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ١ ی ٢٠٢٦ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان