پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی بەیان قادری و گوشاری ئەمنی لەسەر بنەماڵەی قادری
یەکشەممە، ٢٠ی۹ی ٢٠٢٦
پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی بەیان قادری و گوشاری ئەمنی لەسەر بنەماڵەکەی
لە درێژەی گوشار و فشارە ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی، بەیان قادری، ژنی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، دوای بانگکرانی بۆ دادگای شۆڕشی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ئورمیە گواسترایەوە. پێشتر، عەزیز قادری، باوکی بەساڵاچووی بەیان قادری، بانگ کرابوو. هەروەها هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتبووە سەر ماڵی ئەو بنەماڵەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی شەممە، ١٩ی ۹ی٢٠٢٦، بەیان قادری، تەمەن ٣٨ ساڵ، و باوکی، عەزیز قادری، خەڵکی گوندی «پەسوێ»، بۆ دادگای شۆڕشی پیرانشار بانگ کران. بەیان قادری لە دادگا، بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، دەستبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ئورمیە گواسترایەوە.
شایەنی باسە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی۹ی٢٠٢٦، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، عەزیز قادری، باوکی بەیان قادری،یان بانگ کرد و ناوبراو بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لەژێر لێپرسینەوەی توندی ئەو هێزانەدا بووە.
لە هەمان کاتدا، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵەیە و لە کاتی پشکنینی بەرفراوانی ماڵەکەیاندا، بە بەکارهێنانی توندوتیژی، بەشێک لە کەلوپەلەکانی ماڵەکەیان شکاندووە.
بەیان قادری، خوشکی محەممەد قادری، چالاکی سیاسیی کورد و یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانە.
← مهاباد؛ دەستبەسەرکران و نادیاریی چارەنووسی مێهران ئیبراهیمزادە
بابەتی داهاتوومیاندواو؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی کاروان سووری منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵی کورد →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!