هەواڵی بەپەلە
سێدارە

بەندیخانەی ئێڤین؛ وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی کورد دیسان سزای سێدارەی بەسەردا سەپایەوە

October 14, 2026 2 خولەک خوێندنەوە
هاوبەشکردن:
بەندیخانەی ئێڤین؛ وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی کورد دیسان سزای سێدارەی بەسەردا سەپایەوە

لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران، بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، بۆ دووەم جار و بە تۆمەتی «بەغی»، سزای سێدارەی بەسەر وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سنە، سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی ۱٠ی٢٠٢٦، سزای نوێی سێدارەدان بە وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن پارێزەرەکانیەوە ڕاگەیەندراوە.

بەپێی وتەی پارێزەرەکانی، لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کەموکوڕییە یاسایییەکان و بەبێ ئەنجامدانی ئەو لێکۆڵینەوە تەواوکارییانەی کە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە داواکرا بوون و پێشتر بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سزای یەکەم، جارێکی دیکە هەمان سزا، واتە سزای سێدارە، بەسەر وریشە مورادی سەپاندووە.

دانیشتنی پێداچوونەوە و پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی ٢٠ی۹ی٢٠٢٦ بەڕێوە چوو. وریشە مورادی، لە ناڕەزایەتی بە ڕەچاونەکردنی مافە یاسایییەکانی و بەهۆی ئەوەی دادگا بە شێوەی فەرمی بە ناسراو نەزانراوە، لە دانیشتنەکەدا ئامادە نەبوو.

بەپێی یاسا، ئەم بڕیارە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەتوانرێت پێداچوونەوەی بۆ داوا بکرێت.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٤، لەلایەن هەمان لقی دادگای شۆڕش و بە سەرۆکایەتی هەمان دادوەر، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK)، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.

وریشە مورادی ڕۆژی ١ی ۸ی٢٠٢٣، لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتالاعاتەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا زەبر و زەنگی لێدراوە و بە شێوەیەکی دژوار مامەڵەی لەگەڵ کراوە.

ناوبراو دوای چەندین مانگ لێپرسینەوە و ڕاگرتن لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەکانی ئیتالاعاتی سنە و بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، سەرەنجام بۆ بەشی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

وریشە مورادی هەروەها لە دۆسیەیەکی تردا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی نامەیەکی کراوە و هەڵوێستە سیاسییەکانی، بە ٦ مانگ بەندکردن سزادراوە.


بۆچوونەکان

هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!

خەندان تێڵیگراف

مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران

دەربارەی ئێمە