جێبەجێکردنی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێسفەهان و کەرەج
دووشەممە، ٢٨ی۹ی ٢٠٢٦
جێبەجێکردنی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان و کەرەج
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای سێدارەی لانی کەم پێنج بەندکراو، لەوانە دوو بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی بەلووچ، لە بەندیخانەکانی ناوەندیی ئیسفەهان، ناوەندیی کەرەج و قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی ئەنقەست» بە سزای سێدارە سزا درابوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەرەبەیانی دووشەممە، ٢٨ی ۹ی ٢٠٢٦، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی عەبدولغەنی سالارزەیی، تەمەن ٣٥ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، عەبدولغەنی سالارزەیی، خێزاندار و باوکی پێنج منداڵ بوو. ناوبراو حەوت ساڵ پێش، بە تۆمەتی تاوانە پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە سزای سێدارە سزا درابوو.
لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی یەکشەممە، ٢٧ی ۹ی ٢٠٢٦، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی شاحوسێن عەباسی (جەعفەری)، تەمەن ٣٩ ساڵ و باوکی سێ منداڵ، میلاد زەینەلی، تەمەن ٢٦ ساڵ، هەردووکیان خەڵکی کۆیە، و موجتەبا حەقی، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی وەرامین و باوکی منداڵێک، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
شاحوسێن عەباسی ١١ ساڵ پێش، میلاد زەینەلی شەش ساڵ پێش و موجتەبا حەقی سێ ساڵ پێش، بە تۆمەتی تاوانە پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوون و دواتر هەر سێکیان بە سزای سێدارە سزا درابوون.
هەروەها، بەرەبەیانی چوارشەممە، ٩ی ۹ی٢٠٢٦، سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی محەممەدرەزا خوڕەم، تەمەن ٢٣ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا. ناوبراو پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە سزای سێدارە سزا درابوون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هیچ کام لەم پێنج بەندکراوە لە ڕاگەیاندنە فەرمییە ناوخۆییەکانی ئێران یان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە بڵاونەکراوەتەوە.
← بۆکان؛ پەرویز بەنگینی بە سزای ٨ مانگ بەندکران سزا درا
بابەتی داهاتوومهاباد؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئیلهام عەلیزادە →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان