بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بەسەر کاوە ڕەفووشەدا، سەرەڕای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان
سێشەممە، ١٨ی ۸ی ٢٠٢٦
بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی کاوە ڕفووشە سەرەڕای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان
سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی کاوە ڕفووشە، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی سنە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەدا جێبەجێ کرا. ئەم حوکمە لە کاتێکدا جێبەجێ کرا کە کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی، شەوی پێشوو، لەبەردەم بەندیخانەکە کۆبووبوونەوە و داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکەیان کردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەرەبەیانی سێشەممە، ١٨ی ۸ی ٢٠٢٦، سزای لەسێدارەدانی کاوە ڕفووشە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ۸، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابووەوە.
بەپێی وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کاوە ڕفووشە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕەوتی تێکهەڵچوونێکی شەقام لە سنە، کەسێکی کوشتبوو و دواتر خۆی ڕادەستی پۆلیس کردبوو. ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای سزاکانی سنەوە بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست» بە سزای لەسێدارەدان سزا درابوو.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە گەیشتوونەتە دەستی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئێوارەی دووشەممە، ١٧ی ۸ی ٢٠٢٦، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و هاووڵاتییانی سنە لەبەردەم بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کۆبوونەوە. بە دروشمی «نا بۆ سێدارە»، داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە و وەرگرتنی ڕەزامەندی و لێخۆشبوونی بنەماڵەی قوربانییەکەیان کرد.
بەڵام، سەرەڕای ئەم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییە و داواکاریی هاووڵاتییان، دەزگای دادوەری سزای لەسێدارەدانی کاوە ڕفووشە بەرەبەیانی سێشەممە جێبەجێ کرد.
← هادی خزری و مەتین ڕەسووڵی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەکانی شنۆ و پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان بەردەست نییە
بابەتی داهاتوومەریوان؛ میلاد تەبەد، کۆڵبەری تەمەن ٢٨ ساڵ، دوای یەک ساڵ مانەوە و چارەسەرکردن لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان