سەیدئەحمەد ئیسماعیلی؛ سپای پاسداران کوشتی و پاش تێپەڕبوونی ٦ ڕۆژ، تەرمەکەشی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردەوە و بێسەروشوێنی کرد.
یەکشەممە، ۸/۳/ ٢٠٢٦
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان لە کوردستان؛
بەردەوامیی مۆدێلێکی مێژوویی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی، ئەشکەنجەی دەروونیی بنەماڵەکان و پاکتاوکردنی بەڵگەکان
بە تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ بەسەر کوژرانی «سەیدئەحمەد ئیسماعیلی»، لاوی ٢٦ ساڵەی کورد و خەڵکی مەهاباد، کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە نزیک بەنداوی بۆکان کوژرا، هێشتا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. بنەماڵەکە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ورمێیان کردووە، بەڵام ئەم دامەزراوەیە دوای چەندین جار بەڵێنی «ئەمڕۆ» و «بەیانی» پێدان، لە دواجاردا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئیدعای کردووە: «کوا تەرم؟ هەر لەلای ئێمە نییە.»
لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەدەن دوای کوژرانی سەیدئەحمەد، هێزەکانی سپای پاسداران تەرمەکەیان لە شوێنی ڕووداوەکە گواستوەتەوە، هێشتا نە تەرمەکە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و نە هیچ وڵامێکی ڕوون لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دراوە. ئەم هەڵسوکەوتە، لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤەوە، لە چوارچێوەی «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» دەبینرێت.
ئەمڕۆ، یەکشەممە۸/۳/ ٢٠٢٦، بنەماڵەی سەیدئەحمەد ئیسماعیلی بۆ چەندەمین جار سەردانی ئیتلاعاتی سپای ورمێیان کرد و داوای ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەیان کردەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەم دامەزراوەیە، دوای ئەوەی چەندین جار بەڵێنی «ئەمڕۆ» و «بەیانی»یان پێدابوو، لە کۆتاییدا بێئاگایییان دەربڕی و بە بنەماڵەکەیان گوت: «کوا تەرم؟ هەر لەلای ئێمە نییە.»
شەوی سێشەممە، ٢٩/۷/ ٢٠٢٦، سەیدئەحمەد ئیسماعیلی لە نزیک بەنداوی بۆکان، لەسەر ڕێگای بۆکان ـ سایینقەڵا، کاتێک بە ماتۆڕەکەی خۆی لەو ناوچەیەدا بوو، دەکرێتە ئامانجی دەستڕێژی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە شوێندا دەکوژرێت.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، هێزەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ هێزە هاوکارە ناوخۆییەکانیان کە بە «جاش» ناسراون، دوای بیستنی دەنگی تەقەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ سەیدئەحمەدیان کوشتووە. دوای ئەوەش تەرمەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
لە هەمان کاتدا، قەرارگای حەمزە سەیدوشوهەدا، ڕۆژی ٣٠ی ۷ی ٢٠٢٦، لە ئاگادارییەکدا کە لە ڕێگەی ژمارەیەک ڕاگەیاندنی حکوومییەوە بڵاوکرایەوە، بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامە یان تایبەتمەندیی هیچ کەسێک، ڕایگەیاند «کەسێکی تێرۆریستی سەر بە گرووپە تێرۆریستییە جیاییخوازەکان» لەلایەن «پاسدارانی گومناوی ئیمام زەمان» لە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پارێزگای ورمێ کوژراوە. لەگەڵ ئەم هەواڵەدا چەند وێنەیەک بڵاوکرایەوە کە لە یەکێکیاندا تەرمێک لە مل بەخوارەوە دەبینرێت و لە وێنەکانی دیکەدا چەند چەک و نیشانەی قەرارگای حەمزە پیشان دراون.
هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەو تەرمەی لە وێنەکاندا نیشان دراوە پەیوەندی بە سەیدئەحمەد ئیسماعیلییەوە هەیە یان نا؛ بە تایبەتی کە تا ئێستا نە تەرمەکە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و نە هیچ بەڵگەیەکی فەرمی یان دۆسییەکی یاسایی سەبارەت بە هۆکاری کوژرانی یان پرۆسەی لێکۆڵینەوەیان پێگەیشتووە.
سەیدئەحمەد ئیسماعیلی، کوڕی عومەر، تەمەنی ٢٦ ساڵ بوو و خەڵکی مەهاباد بوو. کاری جێگیری نەبوو و لە ڕێگەی کاری ئازادەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکرد.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، ڕەتکردنەوەی وڵامدانەوە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکان، ڕادەستنەکردنی تەرم و نکۆڵیکردنی فەرمی لە بوونی («کوا تەرم؟ هەر لەلای ئێمە نییە») دوای کوژرانی سەیدئەحمەد ئیسماعیلی، لەگەڵ پێناسەی «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» لە ماددەی دووەمی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەموو کەسێک لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ یەکدەگرێتەوە. لەم جۆرە هەڵسوکەوتەدا، دەسەڵات بە دروستکردنی بێئاگایی و نکۆڵیکردنی فەرمی، قوربانییەکە لە پاراستنی یاسا دەردەهێنێت و دەرفەتی مافخوازی، دادوەری و داواکردنی لێپرسینەوەی یاسایی لە بنەماڵەکە دەسەنێت.
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان و وڵامنەدانەوەی دامەزراوەکانی حکوومت، لە کوردستان پاشخانێکی مێژوویی هەیە. ئەم مۆدێلەی سەرکوت، کە لە سێدارەدانەکانی دەیەی ١٩٨٠ و بەخاکسپاردنی نهێنیی زیندانییانی سیاسی و نەیارانی حکوومت دەستی پێکرد، تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم وڵامنەدانەوە سیستماتیکە تەنها شاردنەوەی تەرمێک نییە، بەڵکو تاکتیکێکی چەندلایەنەی سەرکوتە؛ تاکتیکێک کە بە شاردنەوەی تەرم، سێ ئامانجی سەرەکی دەپێکێت: یەکەم، ڕێگری لە گۆڕینی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن بۆ مەیدانی ناڕەزایەتی و هاوپشتیی کۆمەڵایەتی؛ دووەم، سەپاندنی ئەشکەنجەی دەروونی بەسەر بنەماڵەدا بۆ لاوازکردنی توانای مافخوازی؛ و سێیەم، لابردن و پاکتاوکردنی بەڵگەکانی پزیشکی دادوەری، بۆ ڕاکردن لە بەرپرسیارێتیی سزایی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
← سوپاى پاسداران ئەم کوڕ و باوکەی (عبدللە رسول ،خدر عبدللە)بە ۱٥٠ سەر ئاژەڵەوە ڕفاندووە
بابەتی داهاتووسێ ساڵ زیندان بۆ مەحموود شاددڵ، پاڵەوانی ماتۆڕسواری و هاووڵاتیی کورد →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان