سێ ساڵ زیندان بۆ مەحموود شاددڵ، پاڵەوانی ماتۆڕسواری و هاووڵاتیی کورد
(٣ی ئاوگۆستی ٢٠٢٦) – «مەحموود شاددڵ»، هاووڵاتیی ٣٠ ساڵەی کوردی کرمانج و خەڵکی شاری ئاشخانە، سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، کە هەروەها پاڵەوانی پێشبڕکێکانی ماتۆڕسواریی ئاستی سەرتاسەریی ئێرانە، لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆجنوورد بە سزای سێ ساڵ بەندکران مەحکووم کرا.
بەپێی زانیارییەکانی دەستکەوتووی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لقی دووەمی دادگای ئینقلابی بۆجنوورد، بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەید جەعفەر هاشمی»، ئەم حوکمەی دژی ناوبراو دەرکردووە. تۆمەتە ئاراستەکراوەکان بریتین لە «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» و «کۆبوونەوە و هاوپیلانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی». بەپێی سەرچاوەکان، ئەم حوکمە لە ١١ی تەممووزی ٢٠٢٦ (٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥) بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەیەندرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی کردووە کە مەحموود شاددڵ لە تەواوی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە. هەروەها، بە وتەی هەمان سەرچاوە، هۆشداریی پێ دراوە کە ئەگەر بەرامبەر بڕیارەکە ناڕەزایەتی دەرببڕێت، ڕووبەڕووی سزایەکی قورستر دەبێتەوە.
مەحموود شاددڵ نزیکەی دە ڕۆژ دوای ناڕەزایەتییەکانی ٨ و ٩ی ژانەوێری ٢٠٢٦ (١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤)، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بڕیاری یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی زانیارییەکان، لە کاتی دەسبەسەرکردندا هێزە ئەمنییەتییەکان ئۆتۆمبێلەکەی خستووەتە بەر تەقە.
هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندێکی دەسبەسەرکردنی نادیار، ناوبراو کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی. بەپێی ئەو زانیارییانە، لە کاتی لێپرسینەوەکاندا «نینۆکەکانی پێی ڕاکێشراون» بۆ ئەوەی ناچار بکرێت تۆمەتەکان قەبووڵ بکات، بەڵام ئەو لە دانپێدانان بەو تۆمەتانە خۆی پاراستووە. دوای دوو هەفتە دەسبەسەرکردن، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
هەروەها، بەپێی سەرچاوەکان، ناوبراو لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکردنەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
← سەیدئەحمەد ئیسماعیلی؛ سپای پاسداران کوشتی و پاش تێپەڕبوونی ٦ ڕۆژ، تەرمەکەشی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردەوە و بێسەروشوێنی کرد.
بابەتی داهاتووئومێد بێهزاد، خوێندکاری کورد و پوریا سەفوەت، هاووڵاتیی تورک، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان