هەواڵی بەپەلە
هەواڵ

نیگەرانییەکان لەسەر مەترسیی لەسێدارەدرانی شەش ژنی بەندکراوی سیاسی و ئەگەری سەپاندنی حوکمی سێدارە بەسەر دوو ژنی بەندکراوی دیکە، بەرز بوونەتەوە.

July 31, 2026 13 خولەک خوێندنەوە
هاوبەشکردن:
 نیگەرانییەکان لەسەر مەترسیی لەسێدارەدرانی شەش ژنی بەندکراوی سیاسی و ئەگەری سەپاندنی حوکمی سێدارە بەسەر دوو ژنی بەندکراوی دیکە، بەرز بوونەتەوە.

پێنجشەممە ۳٠/۷/٢٠٢٦


شەپۆلی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە بەندیخانەکانی ئێران، نیگەرانییەکان لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی شەش ژنی بەندکراوی سیاسی و ئایینی، بەناوەکانی پەخشان عەزیزی، زەهرا شەهباز تەبەری، نەسیمە ئیسلامزەهی، مریەم هۆداوەند، ئەرغەوان فەلاحی و مێهناز چاردۆلی، هەروەها مەترسیی سەپاندنی دووبارەی حوکمی سێدارە بەسەر وریشە مورادی و بیتا هیمەتی، زیاتر کردووە.


بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەو شەش ژنە بەندکراوەی سیاسی و ئایینی لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەدان. هەروەها، مەترسیی ئەوەش هەیە کە حوکمی سێدارە دووبارە بەسەر دوو ژنی بەندکراوی دیکە، وریشە مورادی و بیتا هیمەتی، بسەپێندرێت؛ دوو کەسێک کە پێشتر حوکمەکەیان لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە هەڵوەشێندرابووەوە و ئێستا چاوەڕوانی دەرچوونی بڕیاری نوێی دادوەرین.


ئەم بەندکراوانە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتە سیاسی و ئەمنییەکان تاوانبار کراون، بێ ئەوەی بەڵگەیەکی ڕوون و متمانەپێکراو بخرێتەڕوو. هەروەها، دۆسیەکانیان لە ڕەوتێکدا پێش بردراون کە لە ستانداردەکانی دادگایەکی دادپەروەرانە دوورن، و لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەیان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکەی ڕابردووە.


ئەو هەشت ژنە بەندکراوە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران و بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت ڕاگیراون و لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە ژمارەیەک لە بنەڕەتیترین مافەکانیان بێبەش کراون. سێ کەس لەوانە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ن.


پەخشان عەزیزی


پەخشان عەزیزی، ژنی بەندکراوی سیاسیی کوردی تەمەنی ٤٢ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، چالاکی بواری مافەکانی ژنان و ئاریکاری کۆمەڵایەتییە.


لە۸/۱٤/ ٢٠٢٤، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی «بەغی» بە حوکمی سێدارە محکوم کرا و ئەم بڕیارە دواتر لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.


داواکارییەکانی بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی دووجار لەلایەن دیوانی باڵاوە ڕەت کرانەوە.


پەخشان عەزیزی لە ۸/٤/ ٢٠٢٣ لە شارۆچکەی خەرازی تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگیراوە.


ل۱۱/۱۲/٢٠٢٣، لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، کە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ئیتلاعاتدایە، بۆ بەندی ژنانی هەمان بەندیخانە گواسترایەوە.


دواتر، بە هۆی کرانەوەی دۆسیەیەکی نوێ، لەلایەن لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤین بە تۆمەتی «ئاژاوە لە بەندیخانە»تاوانبار کرا و بە ٦ مانگ بەندکران سزا درا.


پێشتر، لە ۱٠/۱۷/ ٢٠١٠، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران دژ بە لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرابوو و لە ٢٠/۲/٢٠١١، دوای نزیکەی چوار مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەن ئازاد کرایەوە.


پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران، وڵاتی بەجێهێشت. لە ماوەی دەرەوەی وڵاتدا، سەرەڕای لێکۆڵینەوە لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، چالاکییەکی بەرچاوی لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەبوو




زەهرا شەهباز تەبەری


چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی تەمەنی ٦٨ ساڵ، خەڵکی شاری ڕەشت، لە ٥/۲۹/ ٢٠٢٦ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ڕەشت، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحمەد دەرویش گۆفتار، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، بە سزای سێدارە سزا درا.


ئەم حوکمە، کە یەکەمجار لە مانگی ۹ی٢٠٢٥ لەلایەن هەمان لقەوە بەسەریدا سەپێندرابوو، لە ٢٨/۱۲/ ٢٠٢٥ لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشێندرایەوە و بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ڕەشت گەڕێندرایەوە. بەڵام، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە، دادگا دووبارە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاند.


بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دۆسیەی ئەمنیی زەهرا شەهباز تەبەری لەسەر بنەمای بەڵگەی کەم، ساختە و بڕواپێنەکراو دامەزراوە. لە ناو بەڵگەکانی دۆسیەکەدا تەنها ئاماژە بە پارچە قوماشێک کراوە کە دروشمی «ژن، بەرخۆدان، ئازادی»لەسەر نووسراوە و هەروەها دەنگێکی بڵاونەکراوە، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراو لەسەر هەر جۆرە پەیوەندیی ڕێکخراوەیی یان چەکداریی ناوبراو لەگەڵ هیچ گرووپێک بخرێتەڕوو.


زەهرا شەهباز تەبەری ئەندازیاری کارەبایە، ئەندامی ڕێکخراوی نیزامی ئەندازیارانی ئێرانە و بڕوانامەی کارناسی باڵای لە بواری وزەی بەردەوام لە زانکۆی بۆرۆسی سوید وەرگرتووە.


ناوبراو لە ١٦/٤/٢٠٢٥، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، دەستبەسەر کرا. هێزەکان، دوای پشکنینی ماڵەکەی و دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی، بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشتیان گواستەوە.


شایەنی باسە کە زەهرا شەهباز تەبەری پێشتر نیزیکەی سێ مانگ بەهۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ناڕەزایەتیی ئاشتیخوازانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە پێبەندی ئەلیکترۆنی ئازاد کرابوو.





نەسیمە ئیسلامزەهی


 ژنی بەندکراوی ئایینیی تەمەنی ٤١ ساڵ، خەڵکی سەراوان و دایکی دوو منداڵ، لە ٥/۱٠/٢٠٢٥، لەگەڵ هاوژینەکەی ئەرسەلان شێخیو بەندکراوێکی دیکە بە ناوی حەسەن (ناوبانگی نادیار)، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبۆلقاسم سەلەواتی، بە تۆمەتی «موحاربە» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە داعش، بە سزای سێدارەسزا درا.


بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نەسیمە ئیسلامزەهی و دوو تۆمەتباری دیکەی ئەو دۆسیەیە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ئەنجامدانی تەقەمەنێک لە ناو پاسێکی گەشتیاری لە ڕێگای تاران–ئیلام، لە مانگی ۹ی ٢٠٢٣، تۆمەتبار کران؛ ڕووداوێک کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێکی ١٨ مانگان.


شایەنی باسە کە نەسیمە ئیسلامزەهی لە کاتی دەستبەسەربوونیدا دووگیان بوو. حەوت مانگ دواتر، کچەکەی بە ناوی تەسنیم لە ناو بەندیخانە لەدایک بوو. دوای لەدایکبوونی منداڵەکە، دایک و کۆرپەکەی بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ژوورێکی تاکەکەسی، لە بارودۆخێکی نەگونجاو و بەبێ سیستەمی گۆڕینی هەوا و ڕووناکی ڕاگیران و دواتر لەوێ گواسترانەوە.


نەسیمە ئیسلامزەهی لە ٦ی۹ی ٢٠٢٣، لە شاری مەلاردی پارێزگای تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە، دەستبەسەر کرا و بۆ مەبەستی لێپرسینەوە بۆ زاهیدان گواسترایەوە.


ناوبراو دواتر، لە ٥ی ۱۲ی ٢٠٢٣، لە دەستبەسەرگەی ئەمنییەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە. دوای هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ دەوروبەری بەندیخانەی ئێڤین، بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گواسترایەوە.


شایەنی باسە کە لە ٢٤ی ۱ی٢٠٢٦، سزای سێدارەی هاوژینەکەی، ئەرسەلان شێخی، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا




مریەم (مەهتاب) هۆداوەند


 ژنی بەندکراوی سیاسیی تەمەنی ٤٠ ساڵ، خەڵکی لوڕستان و دایکی دوو منداڵ، یەکێکە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانمانگی ۱ی٢٠٢٥. ناوبراو لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی هاوکاری لە دۆسیەی «ئاگردانی مزگەوتی سەیدەلشوهەدا» لە پاکدەشت، بە سزای سێدارە سزا درا.


سەپاندنی ئەم حوکمە لە حاڵێکدا ئەنجام دراوە کە مریەم هۆداوەند لە تەواوی قۆناغەکانی دادگاییکردندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و پرۆسەی لێپرسینەوە و پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لە ژێر کەشێکی ئەمنی و نالۆژیکی بەڕێوە چووە.


بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دۆسیەی مریەم هۆداوەند دوای ناڕەزایەتی لەسەر بڕیارەکە، بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات گەڕێندرایەوە.


شایەنی باسە کە مریەم هۆداوەند لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی۱ی ٢٠٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە پارێزگای تاران دەستبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە




ئەرغەوان فەلاحی


 ژنی بەندکراوی سیاسیی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین و تەمەنی ٢٤ ساڵ، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبۆلقاسم سەلەواتی، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەت و ئەنجامدانی کردەوەی چەکداری، بە سزای سێدارەسزا درا.


بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ناوبراو لە سەرەتای مانگی ۱ی ٢٠٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. دوای هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ دەوروبەری بەندیخانەی ئێڤین، سەرەتا بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە (فەشافوویە) و دواتر بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گواسترایەوە و لە کۆتاییدا دووبارە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گەڕێندرایەوە.


ئەرغەوان فەلاحی دوای دەستبەسەربوون، چەندین مانگ لە بەندە ئەمنییەکانی ٢٠٩ (سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات) و ٢٤١ (سەر بە پاراستنی دەزگای داد) لە بەندیخانەی ئێڤین، لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا ڕاگیرا.


بەپێی زانیارییەکان، ناوەندە ئەمنییەکان بە مەبەستی دروستکردنی سناریۆ و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ناوبراویان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی دوو دادوەر بە ناوەکانی محەممەد مەقیسە و عەلی ڕازینی» لەژێر گوشاری تونددا دانابوو.


شایەنی باسە کە ئەرغەوان فەلاحی پێشتر، لە مانگی ۱٠ی ٢٠٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لەگەڵ باوکی دەستبەسەر کرابوو.


ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی «پێکهێنانی باند و گرووپ» و «پرۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» بە دوو ساڵ بەندکران سزا درا و دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی ئازاد کرایەوە.




مێهناز چاردۆلی


مێهناز چاردۆلی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ۱ی ٢٠٢٥ و بەندکراوی بەندیخانەی ئێڤین، لەگەڵ هاودۆسیەکەی مەهدی نازری، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبۆلقاسم سەلەواتی، بە سزای سێدارە سزا دران. ناوبراو، جگە لە حوکمی سێدارە، هەروەها بە ١٠ ساڵ بەندکرانیش سزا دراوە.


بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، مێهناز چاردۆلی لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە، مەهدی نازری و خوشکەکەی عاتفە نازری، لە ١٠ی ۱ی٢٠٢٥، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو مانگەدا، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.


ئەو سێ هاووڵاتییە بە تۆمەتی «هێرشکردنە سەر مزگەوت بە کۆکتێل مۆلۆتۆف»، «ئامادەبوون لە کۆبوونەوە نایاساییەکان» و «پێکهێنانی باند و گرووپ» تاوانبار کراون



ناسنامەی بەندکراوانی لە مەترسیی سەپاندنی حوکمی سێدارە


وریشە مورادی


وریشە مورادی، ژنی بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سنە، ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیراوە و ئەندامی کەژار(کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ە. ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبۆلقاسم سەلەواتی، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بە سزای سێدارە سزا درابوو.


بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم حوکمە دواتر لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران، بەهۆی کەم‌وکورتی لە لێکۆڵینەوەکاندا، هەڵوەشێندرایەوە و دۆسیەکە بۆ پێداچوونەوە دووبارە بۆ هەمان لقی سزادەر، واتە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران، گەڕێندرایەوە.


وریشە مورادی هەروەها لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ چوار بەندکراوی سیاسیی دیکەی بەندیخانەی ئێڤین، لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی کۆمەڵگەی دادوەریی قودسی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبۆلفەزل عامیری شەهرابی، بە ٦ مانگ بەندکرانسزا دراوە.


لە دۆسیەیەکی دیکەشدا، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی «پرۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگەی نووسینی نامەیەک لە ساڵیادی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، بە ٦ مانگ بەندکران سزا دراوە. ئەم سزایەش بە دۆسیەکانی پێشووی ناوبراو پەیوەست کراوە.


وریشە مورادی لە ١ی۸ی٢٠٢٣، لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی زانیارییەکان، لە کاتی دەستبەسەربوونیدا بە توندی لێی درا و بەبێ وەرگرتنی چاودێریی پزیشکی، بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی گواسترایەوە.


ئەو ژنە بەندکراوەی سیاسییە دوای پێنج مانگ راگرتن لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات، ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، لە ٢٥ی ۱ی٢٠٢٤ بۆ بەندی ژنانی هەمان بەندیخانە گواسترایەوە.


شایەنی باسە کە ناوبراو لە کۆتایی مانگی ۸ی٢٠٢٣، دوای لێپرسینەوە و ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابووەوە





بیتا هیمەتی


 یەکێک لە دوو هاوژینی گەنجی دانیشتووی تاران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانیمانگی ۱ی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی دیوانی باڵای ئێران حوکمی سێدارەی ئەو و هاوژینەکەی، محەممەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ، هەڵوەشاندەوە، دۆسیەکەیان بۆ پێداچوونەوە دووبارە بۆ هەمان لقی دادگا گەڕێندرایەوە.


بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بیتا هیمەتی لە کۆتایی مانگی ٤ی ٢٠٢٦، لەگەڵ هاوژینەکەی محەممەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ و دوو هاودۆسیەی دیکەیان، بێهرووز زەمانینژاد و کورۆش زەمانینژاد، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی «ئەنجامدانی کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بۆ دەوڵەتانی دژبەر و گرووپە دژبەرەکان»، بە سزای سێدارە سزا دران.


هەر یەک لەو چوار هاووڵاتییە، جگە لە حوکمی سێدارە، بە تۆمەتی «پێکهێنانی باند و گرووپی دژ بە ئاسایشی ئێران»، بە پێنج ساڵ بەندکران سزا دران. هەروەها، دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامان و داراییەکانیانی دەرکرد.


دادگای شۆڕش، ئەو چوار هاووڵاتییەی بە «بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ١٨ و ١٩ی۱ی ٢٠٢٥»، «کوتنەوەی دروشم»، «تێکدانی سامانە گشتییەکان» و هەندێک بانگەشەی پشتڕاستنەکراو، وەک «هاویشتنی ماددەی ئاگرین» و «کەڵکوەرگرتن لە چەکێکی نادیار» تاوانبار کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دەقی بڕیارە دادوەرییەکەدا هیچ بەڵگەیەکی ڕوون و متمانەپێکراو سەبارەت بە ڕۆڵی هیچ یەکێک لە تۆمەتباران نەخراوەتەڕوو.


شایەنی باسە کە ئەو چوار هاووڵاتییە لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو مانگەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری تاران دەستبەسەر کران.


بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەوان لە ماوەی لێپرسینەوەدا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا بوون. هەروەها، لە تەواوی پرۆسەی دادگاییکردنیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیان و ژمارەیەک لە بنەماکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بێبەش کران.

بۆچوونەکان

هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!

خەندان تێڵیگراف

مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران

دەربارەی ئێمە

بابەتی پەیوەندیدار

بەریتانیا سوپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرورەوە
هەواڵ
// Jul 17, 2026

بەریتانیا سوپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرورەوە

بەریتانیا سوپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

خوێندنەوەی تەواو
ئێران ئەکبەر شێخمیری کە بە تۆمەتی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر مەحکوم بوو، لە زیندانی خۆڕم‌ئاباد لە سێدارە دا
هەواڵ
// Jul 16, 2026

ئێران ئەکبەر شێخمیری کە بە تۆمەتی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر مەحکوم بوو، لە زیندانی خۆڕم‌ئاباد لە سێدارە دا

ئێران ئەکبەر شێخمیری کە بە تۆمەتی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر مەحکوم بوو، لە زیندانی خۆڕم‌ئاباد لە سێدارە دا

خوێندنەوەی تەواو
منداڵێک لە سنووری هەورامان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا و باوکیشی بریندارە
هەواڵ
// Jul 11, 2026

منداڵێک لە سنووری هەورامان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا و باوکیشی بریندارە

منداڵێک لە سنووری هەورامان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا و باوکیشی بریندارە

خوێندنەوەی تەواو
یاسر ڕێحانی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بجنۆرد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا
هەواڵ
// Jul 17, 2026

یاسر ڕێحانی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بجنۆرد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا

یاسر ڕێحانی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بجنۆرد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا

خوێندنەوەی تەواو