کامێران؛ جەمال ڕۆستەمی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا
چوارشەممە، ٥ی۸ی٢٠٢٦
جەمال ڕۆستەمی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٥٧ ساڵ و یەکێک لە ئەندامانی دامەزراوەی خێرخوازیی گوندی شایەن، دوای هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر باخی بنەماڵەییەکەی لە ئاوایی شایەنی سەر بە کامێران، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئێوارەی سێشەممە ٤ی ۸ی ٢٠٢٦، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڵکوتانە سەر باخی بنەماڵەیی جەمال ڕۆستەمی لە ئاوایی شایەنی سەر بە کامێران، ناوبراویان دەستبەسەر کرد.
بە دەستبەسەرکرانی جەمال ڕۆستەمی، ژمارەی ئەندامان و چالاکانی دامەزراوەی خێرخوازیی شایەن، کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، گەیشتووەتە لانیکەم سێ کەس.
لە هەمان پەیوەندیدا، ئیسماعیل خاتری، خەڵکی ئاوایی شایەن و دانیشتووی پاوە، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ۷ی٢٠٢٦، لە کاتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی دایکی لە ئاوایی شایەن، دەستبەسەر کرا.
هەروەها، فوئاد شادی ڕۆژی شەممە ٢٥ی ۷ی ٢٠٢٦، بەبێ پێشاندانی هیچ جۆرە بەڵگە یان بڕیارێکی دادوەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە لە ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان لە کامێران و سنە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنیان، تۆمەتە ئاراستەکراوەکان یان شوێنی ڕاگرتنیان بڵاونەکراوەتەوە.
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان