مەڵکشایی؛ مێهدی ڕەوشەنی، دەستبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەک، بە تۆمەتی «موحاربە» بە سزای لەسێدارەدان سزا درا .
چوارشەممە، ۸/٤/ ٢٠٢٦
مێهدی (سیکان) ڕەوشەنی، لاوی کوردی خەڵکی مەڵکشایی لە پارێزگای ئیلام، کە دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی ۱۲ ی٢٠٢٥ دوو جار دەستبەسەر کراوە و دوو دۆسییەی سیاسیی لەدژی کراوەتەوە، لە دۆسییەی دواییەکەیدا بە تۆمەتی «موحاربە» بە سزای لەسێدارەدان سزا دراوە. ئەم حوکمە ئێستا دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەرەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا لەژێر پێداچوونەوەدایە و ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام بەندە.
بەپێی زانیارییەکی گەیشتوو، مێهدی (سیکان) ڕەوشەنی لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئیلام، بە سەرۆکایەتیی دادوەر «فەیزی»، بە تۆمەتی «موحاربە» بە سزای لەسێدارەدان سزا دراوە. بنەماڵەکەی لە ڕێگەی پارێزەرەکەیانەوە ناڕەزایەتییان لە دژی ئەم بڕیارە تۆمار کردووە و ئێستا دۆسییەکە لە دادگای پێداچوونەوەی ئیلام لەژێر پێداچوونەوەدایە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، مێهدی ڕەوشەنی لە سەرەتای مانگی۸ی ٢٠٢٦، سەبارەت بە تۆمەتی «موحاربە»، دیسان دەستبەسەر کراوەتەوە و بە بڕیاری دەستبەسەرکردنی دوو مانگە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کراوە. ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەم دۆسییەیەدا تۆمەتگەلێکی وەک «وێنەگرتن لەسەر کورسیی بەردەم فەرمانداریی مەڵکشایی»، «هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر لووتکەی کەبیرکێو» و «تێکدانی موڵکی گشتی»یان وەپاڵی ناوبراو داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مێهدی ڕەوشەنی، سەرەڕای ئەوەی بە ئەشکەنجەی توندی جەستەیی تووش بووە، دانی بە هیچکام لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکاندا نەناوە و هەمووی ڕەت کردووەتەوە.
هەروەها، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئیدعایان کردووە کە دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی دیکە لە دژی ناوبراو شایەتییان داوە، بەڵام جگە لە ڕاپۆرتی ئەو ناوەندانە، هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئیدعایە بوونی نییە.
یەکێک لە کەسانی نزیکی مێهدی ڕەوشەنی تۆمەتی «وێنەگرتن لەسەر کورسیی بەردەم فەرمانداریی مەڵکشایی» بە تەواوی ڕەت کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ناوبراو هەرگیز دانی بە هیچکام لە تۆمەتەکاندا نەناوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەنجامی نەداون. بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بە دڵنیایی لە بێتاوانیی ڕۆڵەکەیان، هیوادارن لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بڕیاری لەسێدارەدان هەڵبوەشێتەوە.
شایانی باسە کە مێهدی (سیکان) ڕەوشەنی پێشتر، دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی ۱۲ی ٢٠٢٥، یەکەم جار دەستبەسەر کرابوو.
بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو ڕۆژی ١٧ی ۱۲ی ٢٠٢٥، بێ بڕیاری یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. دوای چەند مانگێک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، بەڵام دواتر دۆسییەیەکی سیاسیی دیکەش لەدژی کرایەوە.
مێهدی (سیکان) ڕەوشەنی لاوێکی کوردی خەڵکی مەڵکشاییە و لە هۆزی گەورەی «بەولگ»ی ئەو ناوچەیەیە.
← ئێران دانی نایەوە بە ئەنجامدانی ١٤ هێرشی نایاسایی سنووربەرز بۆ سەر هەولێر و سلێمانی لە خاکی موردستانی باشور
بابەتی داهاتووکامێران؛ جەمال ڕۆستەمی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا →
بۆچوونەکان
هێشتا هیچ بۆچوونێک نییە. یەکەم کەس بە!
بەناوبانگەکان
نوێترین بابەتەکان